بۆ بڵاو كردنه‌وه‌ی ئیعجاز و گومان له‌ قورئان و سونه‌ت

test

بلیتی هه‌واڵه‌كان

Post Top Ad

Your Ad Spot

Thursday, 19 April 2018

ئایە مسولمانان خۆیان هۆکاری کوشتنی خۆیان لە بۆرما ؟ وەڵامێک بۆ بەناوتوێژەرە کوردەکان


بەنــاوی خوای گەورە ، بەڕێزان لە ئێستادا کە لە میانمار موسڵمانانی ئەو وڵاتە لەژێر ئازار و کوشتن و زەحمەتێکی زۆرن و هەزارەها کەسیان لێ کوژراوە و بە هەزارەهاشیان لێ سەرگەردان کراوە ، لێرەو لەوێ ئەبینین و ئەبیستین کە گوایە هۆکار و سەرەتای سەرهەڵدانی ئەم کوشتارە لە ئەستۆی موسڵمانەکانە بەهۆی ئەوەی کە گوایە لە ساڵی ٢٠١٢ چەند گەنجێکی موسڵمان دەستدرێژی سێکسیان کردوەتەوە سەر کچێکی بوزی و ئەم ئاژاوەیان خولقاندووە ، بۆیە ئێمە لێرەوە بە پێویستی دەزانین ڕاستی ئەم بابەتە بخەینە ڕوو و بۆ هەموو لایەکی ئاشکرا بکەین ، بێگومان بەپێویستیشی ئەزانین کە ئاماژە بەوەش بدەین کێشەو ملمانێکانی میانمار زۆر زۆر لەوە کۆنترە کە سەرەتاکەی ٢٠١٢ بێت و زۆر بەکەمی خەڵکی ئاشنای راستی چیرۆکەکەیە ، چونکە ئەم کێشەیە ئەگەڕێتەوە بۆ سەدەی ١٥ و جگە لە کێشە و ملمانێی ئاینی ، کێشەو ملمانێی نەتەوەیی و زەوی و زار بوونی هەیە ، هەرێمی ئەرەکان هەمان چیرۆکی ئێمەی کوردی هەیە و خاکەکەیان لەلایەن مینمارەوە داگیرکراوە و بەش بەشکراون ، بۆیە هەر لەوکاتەوە تا ئێستا کێشەو ملمانێ لەنێوان ئەرەکانیەکان کە زۆرینەیان موسڵمانن و بوزیەکان هەیە ، ئێمە نامانەوێت بچینە ناو ئەو بابەتەو درێژی بکەینەوە ، بەڵام ئامانەوێ تیشک بخەینە سەر ئەو لایەنەی کە خەڵکی پێ چەواشە ئەکرێ و بەلاڕێدا ئەبرێت ئەویش ئەوەیە کە دەڵێن موسڵمانان دەستدرێژیان کردوەتە سەر ئافرەتانی بوزی و لەئەنجامدا ڕوبەڕوی ئەم کارەساتە بونەتەوە وەک تۆڵەیەک .

سەرەتا خوێنەر پێویستە بزانێت ئەم بابەتە قسەی بێ بەڵگە و گریفانی خۆمان نیە ، بەڵکو کورتەی بەرنامەیەکی دێکیومێنتاری ٥٠ خولەکی کەناڵی الجزیرەیە کە لینکەکەی لە خوارەوە دادەنێین و لە بەرنامەکەدا تەواوی بەڵگە و شاهێد و پێویستیەکان خراونەتە ڕوو ، ئێمە لیرەدا ئەوەی پێویستە وەرمان گرتووە و وەرمانگێراوە بۆ سەر زمانی کوردی ، بەهیواین سودێکمان گەیاندبێت و کەمێک لەو گومانانەمان رەواندبیتەوە کە دروستدەکرێت لەسەر ئەو بابەتە.

بە بیانوو و بانگەشەی گێچەڵی سێکسی دەستی پێکرد !!

ئافرەتێکی بووزی بەنای ” فیو فیو مین ” سکاڵایەکی ئاڕاستەی پۆلیسی دووەم گەورەترین شاری وڵاتی میانمار کرد ” شاری ماندالای ” ، کە تێیدا سکاڵای ئەوەی کردبوو کە دوو کرێکاری هاوپیشەی موسڵمان گێچەڵی سێکسیان پێکردووە و دەستدرێژیان کردوەتە سەری . پاش ماوەیەکی کەم ماڵپەڕێکی نێو خۆیی ئەو شارە هەواڵەکەی بڵاوکردەوە .

ماونگ ماونگ کە پێشەوایەکی موسڵمانی ئەو شارەیە دەڵێت : ” دەستپێکەکەی لە ماڵپەڕێکەوە بوو بەناوی ( Thit Htoo Lwin ) کە هەواڵێکی بڵاوکردەوە و تێیدا بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئافرەتێکی بووزی چێشتلێنەر لە ماڵێدا لەلایەن دوو برای موسڵمانەوە دەستدرێژی کراوەتە سەر ” .

هیچ شتێک لەئارادا نەبوو تا ئەوکاتەی ڕاهیبێکی دیاری بوزی بە ناوی (Ashin Wirathu) لە فەیسبووکی تایبەتی خۆیدا بەشێوەیەکی زۆر خراپ و بانگەشەیەکی هاندەرانە بابەتەکەی بڵاوکردەوە ، پێش ئەمەش ئەم ڕاهیبە بەوە ناسراوبوو کە بەردەوام لە دژی موسڵمانەکان بە شێوەیەکی خراپ و هاندەرانە دەینوسی ، لە فەیسبوکەکەیدا ئەم بانگەشەیەی بەم تایتڵە بڵاو کردەوە ” مافیاکان بڵاوبوونەتەوە و گەشتوونەتە شارەکە ” .
پاش پۆستەکەی ئەم ڕاهیبە و لە ماوەی ٢٤ کاتژمێر ، لە بەرواری ١/٧/٢٠١٤ دا خەڵکێکی زۆری توڕەی بوزی پڕچەکراو بە چەک و چەقۆ و ئاگر …هتد ڕژانە سەر شەقامەکانی ماندالای .
پاشان دەوری مزگەوتی شارەکەو و هەموو ئەو شووێنانەیان دا کە موسڵمانەکان کاری بازرگانیان تێدا دەکرد و وە ئەو قاوەخانەیەش کە گوایە لەوێدا دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەر ئافرەتە بوزیەکە .
سەمیر نینی کە پێشەوایەکی مەدەنی موسڵمانەکانی ئەو شارەیە و شاهێدی ڕوداوەکەیە دەڵێت ” چەندین ماتۆڕ سوار لەو ناوە دەرکەوتن و بەدەنگی بەرز هاواریان دەکرد کەلارسەکان بوکوژن کەلارسەکان بوکوژن کە مەبەستیان لێی موسڵمانەکان بوو ، دواتر خەڵکانێک بە ئۆتۆمبێل کەوتنە گیانی خەڵکە موسڵمانەکە و بە ڕۆژی ڕوناک بە ئۆتۆمبێل لە خەڵکی موسڵمانیان دەدا و دەیانکوشتن ، دواتر خەڵکانێکی تر بە شمشێر و چەقۆوە بەناو شاردا بڵابوونەوە . ”

لەماوەی دوو ڕۆژی ئاژاوەکەدا پیاوێکی بوزی و پیاوێکی موسڵمان کوژران ، بە هەزارانیش بریندار بوون و تەواوی شوێنکاری موسڵمانەکان کاولکران و مزگەوتی شارەکەش زۆر بە خراپی سوتێنرا .

بەڵام بانگەشەی گێچەڵ و دەسترێژیە سێکسیەکە کە بوویە هۆی دروستبوونی ئەم ئاژاوەیە بەهۆی پۆست و نوسینەکەی سەر فەیسبووکی ڕاهیبە بوزیەکە جگە لە بەشێک لە ئۆرکسترا و ژەنینێکی چەواشەکارانە و درۆ هیچی تر نەبوو !!

هەرگیز گێچەڵ و دەستدرێژی سێکسی ڕووی نەدابوو !!
لاپەڕەی ئاروادی ئینگلیزی (Irrawaddy magazine) لە سەر زاری وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتەوە دەڵێت ” ژن و مێردێک بەرتیل و پارەیان داوەتە ئافرەتە بوزیەکە (فیو فیو مین) بۆ ئەوەی لای پۆلیس ئەو سکڵایە بکات و کەیسێک بۆ ئەو دوو برا موسڵمانە دروست بکات ” .
ثین ثان ئۆ (Thein Than Oo) کە پارێزەری پێداچوونەوەی ئەو کەیسە بوو لەدادگا دەڵیت ” ئەوان پارەیان دابوو بەو ئافرەتە و داوایان لێکردبوو و پێیان وتبوو ئەگەر وەها کەیسێک دروست بکەی ئەوا پارەیەکی باشت دەدەینێ ” !
ڕاپۆرتەکان دەڵین ” کە (فیو فیو مین) پێویستیەکی زۆری بە پارە هەبوو چوونکە مێردەکەی بەهۆی تێوەگلانی بە تاوانی ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیرکرابوو و لە زیندان بوو ” . کە ئەمەش هاندەر و هۆکار بووە کە ناوبراو ڕازی بێت بە داواکاریەکەی ژن و میردەکە ، وە دواتر ئافرەتەکە سکڵاکەی خۆی لە دادگا کێشایەوە !

یەکێک لە ڕۆژنامە نوسە بوزیەکانی ئەو شارە کە پێشتر زیندانی سیاسی بووە و شایەتحاڵی دروستبوونی ئاژەوەکە بووە دەڵێت ” دەنگۆ و پڕوپاگەندەکان گەورەترین هۆکاری دروستبوونی ملمانێ و ئاژاوەکە بوون ”
حکومەتی ئەو وڵاتەش ڕایگەیاند کە ” گێچەڵ و دەستدرێژی سێکسی لە قاوەخانەکە بەهیچ جۆرێک ڕوینەداوە ” ، وە هەر حکومەت بەڵگەی خۆی خستە ڕوو کە ئەو ڕووداوە راست نیە و تەنها پڕوپاگەندە و هەواڵی هەڵبەستراون .
لە ئێستاشدا ” فیو فیو مین ” بە تۆمەتی چەواشەکاری و هەواڵی هەڵبەستراوی سێکسی بۆ ماوەی ٢١ ساڵ سزای زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنراوە .
ئەمەش یەکەمجار نیە کە پڕوپاگەندە و گێچەڵی سێکسی بەکاردەهێنرێ بۆ دروستکردنی ئاژاوە و شەڕی تایفەگەری لە میانمار .

بانگەشەکردن بۆ ئەوەی کە ئافرەتێکی بووزی دەستدرێژی کرابێتە سەر ” تــاوانێکی شەرەفمەندانەیە ” لەو وڵاتەدا کە دەبێتە هۆی هاندانی بوزیەکان بۆ پەنابردن بۆ توندوتیژی و دەمارگیری دژی موسڵمانەکان و وە بیانوویەک بۆ دەستدێژیکردنە سەر ئافرەتە موسڵمانەکان وەک تۆڵە سەندنەوەیەک .

لە مانگی ٦ ی ساڵی ٢٠١٢ دا تێکهەڵچوون و ئاژاوەیەکی زۆر لە نێوان موسڵمانان و بوزیەکانی مینمار دروست بوو پاش بڵاوبوونەوەی دەنگۆی ئەوەی کە ٣ گەنجی موسڵمان دەستدرێژی سێکسی دەکەنە سەر کچێکی بووزی و پاشان دەیکوژن، لە بەرامبەردا بوزیەکانیش ١٠ کەسی موسڵمانیان لە سێدارە دا ، میدیاکانی ئەو وڵاتەش سەرەڕای هاندانی خەڵکی دژی موسڵمانان ، بەردەوام سوکایەتیان بە موسڵمانان دەکرد بەبانگکردنی موسڵمانان بە (کالار) وەک سوکایەتی و ئیهانیەک هەستی موسڵمانانیان بریندار دەکرد ، وە لەئەنجامدا بەهۆی توندوتیژی و ئاژاوەکەوە زیاد لە ٢٠٠ موسڵمان کوژران .
دوابەدوای ئەمە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی نێودەڵەتی لەڕێگەی دێکیۆمێنت و چەندین بەڵگەوە ئەوەی بڵاوکردوە کە ئافرەتانی موسڵمانی ڕۆهینگیا لەلایەن سوپا و هێزە چەکدارەکانی وڵاتی میانمارەوە بە شێوەیەکی فراوان و دڕندانە دەستدرێژی سێکسیان کراوەتە سەر .

لە مانگی ٨ ی ساڵی ٢٠١٣ دا بەبیانووی ئەوەی کە گێچەڵی سێکسی بە ئافرەتێکی بووزی کردووە هێزە ئەمنیەکانی میانمار پیاوێکی موسڵمانیان دەستگیرکرد ، بە قسەی شایەتحاڵیک کە گوایە بە چاوی خۆی بینویەتی ئەو پیاوە لە گفتوگۆدا بووە بۆ ئەوەی باوەڕ بە ئافرەتەکە بهێنێت کە دەستدرێژی بکاتە سەر بەڵام سەرکەوتوو نەبووە ، پاش ئەوەی کە هێزە ئەمنیەکان ئامادە نەبوون ئەم پیاوە ڕادەستی بوزیە ئاژاوەگێرەکان بکەن ، هەستان بە سوتاندن و کاولکردنی ماڵ و دوکانەکانی موسڵمانەکان .

کەناڵی جەزیرە پاش ئەوەی هەستا بە ئەنجامدانی بەدواداچونێک بۆ ئەم بابەتە ، چەندین بەڵگەی بەهێزی دەستکەوت کە ئەم کارانە و ئەم بانگەشانە هەمووی دروستکراو و پلان بۆ داڕێژراون .
بڵاوکردنەوەی ڕق و کینە
لەزۆربەی بارەکاندا لە میانمار فەیسبووک وەک هۆکارێک بەکار ئەهێنرێت بۆ بڵاوکردنەوەی بانگەشە و پروپاگەندەی دەستدرێژی سێکسی کە بەهیچ جۆرێک ڕوینەداوە و ڕاست نیە ، وە پاش ئەوەی کە بەکارهێنانی فەیسبووک لەو وڵاتەدا ئاسایی کرایەوە دوای ئەوەی کە وڵاتەکە لە ساڵی ٢٠١٠ لە دەسەڵاتی سەربازی قوتاری بوو ، ئیدی خەڵکەکەی نەک هەر تەنها دڕکی هەبوو بەڵکو چویە قۆناغێکی نوێی گوتاری توند و پڕکینەوە .

بەڵام پڕوپاگەندەکان دژی موسڵمانان تەنها لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە نیە .
گەنجێکی چالاکی ڕۆهینگیا دەڵیت ” فەیسبووک هۆکارێکی گرنگە ، بەڵام لەپاڵ ئەمەشدا بوزیەکان چەندین چەناڵی تر بەکاردەهێنن بۆ بڵاوکردنەوەی توندوتیژی و چاندنی ڕق و کینە لە ناخی خەڵکی لە دژی موسڵمانان ، وەک بڵاوکردنەوەی کتێب و کاسێت و ڕادیۆ و تەلەفزیۆنەکان و هەروەها گوتار و بانگەشەی ڕێکخراوەکان لە گوندە هەرە دورەکانی وڵات ”
” جگە لەمانەش لە ئێستادا ڕێگەیەکی نوێ بەکاردەهێنن کە ئەویش دانانی قوتابخانەیەکە بە ناوی (قوتابخانەی داماهـ) ، کە ئیشی ئەم قوتابخانەیە ئەوەیە گەنج و منداڵ لە تەواوی وڵات و گوندە دورەکانەوە دەهێنن و پەروەردەیان دەکەن و فێریان دەکەن کە ڕقیان لە تەواوی ئاینەکانی تر بێت ، تێیان ئەگەیەنن کە موسڵمانەکان تیرۆرستن و دەستدرێژیکارن و تێکدەر و داگیرکەری وڵاتن ”

بەگوێرەی یاسای تاوانەکانی میانمار (دەستدێژی سێکسی) قەدەغە و تاوانێکی گەورەیە لەهەمان کاتیشدا پێویستی بە گەڕان و لێکۆڵینەوەیەکی باش و ورد هەیە .

بەڵام ویستێکی بەهێز و تێکدەر لە وڵاتدا هەیە کە ئەم کەیسانە بە ئاستێکی ترسناک دەگەیەنێت ، بە جۆرێک کە سەرکردە سیاسیەکان ئەم کەیسە ( دەستدرێژی) وەک ئامرازێک بەکاردەهێنن بۆ مەرامی خۆیان و تێکدان و دوبەرەکی ئاینی و دروستکردنی دەمارگیری ئاینی و ڕەگەزپەرستی .
کارەکانیان تەنها هانی توندوتیژی نادەن ، بەڵکو هۆکارێکن بۆ بەلاواز و بێدەسەڵات پیشاندانی قوربانیانی گێچەڵە سێکسیەکە ، سەرەڕای ئەمەش دەرگایەک بە رووی ئەوانەدا دەکاتەوە کە دەیانەوێت رق و کینە بڵاوبکەنەوە .

ماتیو ثمیث دامەزرێنەری ڕیکخراوی فۆرتیفی رایت دەڵێت ” کە راهیبە بوزیە نەتەوەییەکان ترس لەناو خەڵکدا بڵاودەکەنەوە بەوەی کە گوایە موسڵمانەکان هەمیشە بەدووی ئافرەتانی بوزیەوەن و دەستدرێژیان دەکەنە سەر ، وە دەشڵێت کە ڕاهیبە بوزیەکە (Wirathu ) ویستی ئەوەی هەبوو کە لە ڕێگەی کەیسی موسڵمانانەوە هەستی بوزیەکان بۆ خۆی رابکێشێت و بۆ سود و دەستکەوتی سیاسی خۆی بەکاریبهێنێت ” .

” ئەوەی گاڵتەجاریە ئەوەیە کە زۆر بەکەمی لەو وڵاتەدا کەیسی دەستدرێژی دەدرێتە و دادگا و لێپێچینەوەی لێ دەکرێت ، بەڵام هەمیشە وەک ئامرازێک بەکاری دەهێنن بۆ هاندان و دروستکردنی ئاژاوە لەناو هەموو خەڵکی ئەو وڵاتەدا ”

(Wirathu ) ڕاهیبێکی دیار و کاریگەری بوزیە کە هەمیشە لە ڕێی نوسینەکانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە تێکدانی ئارامی و هاندانی خەلکی دژی موسڵمانان و دروستکردنی شەڕ و کوستار و ئاژاوە ، ناوبراو کەسایەتیەکی دیار و ناسراوە لە ماباتا بە جۆرێک بوەتە نیشانەیەکی بازرگانی (Trademark) دیار و ناسراوی ئەو وڵاتە .
گروپە ئیسلامیەکانیش ئەم کەسە بە هەڕەشەیەکی ترسناک ناودەبەن کە کاردەکات بۆ تێکدانی ئارامی و پێکەوەژیانی ئاینی ولاتەکە .
هەرچەندە لەساڵی ٢٠٠٣ بەهۆی گوتاری توند و هاندان بۆ توندوتیژی دژی موسڵمانان زیندانی کرا ، بەڵام لەکاتی گۆڕینی دەسەلاتی سیاسی وڵاتەوە لەساڵی ٢٠١٠ ئازادکرا و لەسەر هەمان پیشەی جارانی بەردەوامە و پاڵپشتی دەسەڵات و حکومەتی هەیە بەجۆرێک سەرۆک ثین سین هەمیشە بە کوڕی بودای ناودەبات .

سەرچاوە :

ئەمەش بەڵگەی ئەم بابەتە کە خۆی لە دێکیۆمێنتاریەکی کەناڵی جەزیرەدا ئەبینێتەوە کە بە ڤیدیۆ و دێکیۆمێنت ورد و درشتی بەڵگەکانی تێدایە

‏http://www.aljazeera.com/indepth/features/2015/10/rape-weapon-myanmar-ignite-fear-151024173444297.html

No comments:

Post a Comment

Post Top Ad

Your Ad Spot

???????